ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵكی تووشی بەكتریایەكی نێو گەدە دەبن كە بە "هێلایكۆباكتەر پایلۆری" ناسراوە، لەگەڵ ئەوەی زۆركات بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و هیچ نیشانەیەك درووستناكات، بەڵام بە مەترسییەكی گەورە دادەنرێ، چونكە هۆكارێكی سەرەكی تووشبوونە بە شێرپەنجەی گەدە.
كاتێك كەسێك تووشی ئازار و ترشەڵۆكی گەدە دەبێ، زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر خۆراكی نادرووست، جگەرە، كحول و گوشاری دەروونی. لە راستیدا هەندێكجار ئازار و ترشەڵۆكی بەردەوامی گەدە بەهۆی هیچیەك لەوانەوە نییە، بەڵكو بەهۆی هەبوونی بەكتریای هێلایكۆباكتەر پایلۆرییە لە گەدەا.
ساڵانێكی زۆربوو دەگوترا ئەو ترشییە خەستەی لەنێو گەدەدایە، رێگە بە مانەوە و ژیانی هیچ میكرۆبێك نادا لەنێویدا، بەڵام هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەركەوت لە هەندێك كەسدا میكرۆبێك لەنێو گەدەدا توانای مانەوەی هەیە و هەزاران ساڵیشە ئەو میكرۆبە لەگەڵ مرۆڤدا دەژی، ساڵی 2005 خەڵاتی نۆبڵ درایە ئەو كەسانەی ئەم میكرۆبەی نێو گەدەیان دۆزییەوە كە بە هێلایكۆباكتەر پایلۆری ناسراوە.
لە وڵاتانی روو گەشە و ئەوانەی ستانداردەكانی خاوێنی تیایاندا وەك پێویست نییە، ئەم بەكتریایە تا راددەەیەكی زۆر بەربڵاوە. پزیشكانی ئەڵمانی دەڵێن لەگەڵ ئەوەی هەندێكجار هەبوونی ئەم بەكتریایە لە گەدەدا هیچ نیشانەیەك درووستناكات، لە كەسانی دیكەدا یەكێك یان زیاتر لەم نیشانانە درووستدەكات: هەستكردن بە گاز و هەڵاوسانی سك، كەمیی ئارەزووی خواردن و هەستكردن بە پڕیی گەدە و ئازاری گەدە بەتایبەت لە شەواندا. لەكاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا سەردانی پزیشك بكە تاكوو بۆ هەبوونی ئەم بەكتریایە لە گەدەتدا بگەڕێ.
نەبوونی هیچ نیشانەیەك مانای ئەوە نییە تۆ ئەو بەكتریایەت نییە، بۆیە باشترە بە راوێژی پزیشك داوای پشكنین بۆ هەبوونی ئەو بەكتریایە لە گەدەتدا بكەی.
گواستنەوەی بەكتریاكە لە رێگەی دەمەوە دەبێت و لە پیسایی تووشبوواندا دەگوێزرێتەوە. بۆیە گرنگە دوای هەموو توالێتێك بە باشی بە ئاو و سابوون دەست بشۆردرێت و بەگشتیش ستانداردەكان خاوێنی خۆراك و كەرەستە تایبەتەكان پیادە بكرێن.
چارەسەری حاڵەتەكە و لەنێوبردنی بەكتریاكە لەلایەن پزیشكەوە دەبێت و بە یەكگرتنی دەرمانی دژەبەكتریا و دژە ترشی گەدە ئەنجامدەدرێت.
0 comments:
Post a Comment