نوێنەری كۆمپانیا گەورەكانی ئینتەرنێت و چەند زانا و پسپۆرێكی ئینتەرنێت، لە شاری لەندەن كۆبوونەوە بۆ باس كردن لە گرفتەكانی كێبڵی (فایبەر ئۆپتیك)، كە بڕبڕەی پشتی ئینتەرنێت دادەنرێت لە جیهاندا. گرفتەكان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، تا دێت توانای گواستنەوەی داتاكان زیاد دەكات، بە پێی چاوەڕوانییەكانیش لە چەند ساڵی ئایندەدا توانای گواستنەوەی داتا لەسەر ئەو كێبڵانە كە لە ژێر دەریاكانەوە راكێشراون دەگات بە دوا ئاستی گریمانەیی كە (100 تێرا بایت/چركە)یە.
كۆمپانیای (ئەلكاتێڵ لوسێنت)ی فەرەنسیش دەڵێت، چیتر ئەو كێبڵانە توانای گواستنەوەی ئەو بڕە زەبەلاحەیان لە داتا نییە، لەوپەڕی (5) ساڵی داهاتوودا دەگەن بە دوا توانای فیزیایی خۆیان، ئەگەر دۆخەكە وا بمێنێتەوە ئەوا ناتوانرێت ڤیدیۆی (8K) بخرێتە سەر تۆڕی ئینتەرنێت كە پێویستی توانایەكی گەورە هەیە بۆ گواستنەوەی. لە ئێستاشدا تەنها چارەسەری تیۆری ئەوەیە، لە پاڵ ئەو كێبڵانەدا گورزە كێبڵی دیكە رابكێشرێن، بەڵام ئەمە ناتوانێت كێشەكە چارەسەر بكات، بەڵكو لە كاریگەرییەكانی كەم دەكاتەوە.
هەرچەندێك هەندێك لە زاناكان پێشنیاری نوێیان لەو كۆبوونەوەیە خستە روو، بەڵام كۆمپانیاكان بەهۆی زۆریی تێچوونەوە نەچوونە ژێر باری ئەو پێشنیارانە، كە خۆی لە پەرەپێدانی كێبڵەكانی فایبەر ئۆپتیكدا بۆ جۆرێكی پێشكەوتووتر دەبینێتەوە، ئەو جۆرەی كە ئێستا هەندێك لە تاقیگە زانستییەكان دروستیانكردووە، توانای گواستنەوەی بە نزیكی (4) هەزار جار زیاترە لە كێبڵەكانی ئێستا، بەڵام نرخەكەی زۆر گران دەكەوێت. نرخی هەر مەترێك لە كێبڵە دەریاییەكانی ئێستا نزیكی (50) دۆلارە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئێندرۆ ئێلیس، سەرۆكی بەشی تەكنۆلۆژیای زانیاری لە زانكۆی بێرمینگهامی بەریتانی ئەوەی راگەیاند، ئەگەر لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا تۆڕی كێبڵەكان تازەنەكرێتەوە، ئەوا بە ناچاری دەبێت هەندێك كۆت و بەند بخرێتە سەر گواستنەوەی داتاكان لە نێو ئینتەرنێتدا، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی فرۆشتنی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت دەبێت و ئەو كاریگەرییەش زیاتر لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەكاندا دەردەكەوێت، ئەگەر نرخی ئینتەرنێتیش گران بێت، ئەوا گەشەی ئینتەرنێت وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكرا روونادات و بگرە دەچێتە خانەی گەشەی سالبەوە، بەوەش ئەو گۆڕانە شارستانییەی كە ئێستا لە رێی ئینتەرنێتەوە دەگات بە كۆمەڵگا جیاوازەكان بەرەو نەمان دەچێت.
لە ئێستاشدا بە ملیۆنان كیلۆمەتر كێبڵی فایبەر ئۆپتیك، بە نێو دەریاكاندا راكێشراون بۆ گواستنەوەی داتاكان و گەیاندنی بە دەوڵەتە جیاوازەكانی دنیا، هەرچەند داتاكانی ئینتەرنێت دەتوانرێت لە رێگەی مانگە دەستكردەكانیشەوە بگوازرێتەوە، بەڵام خێرایی و كوالێتییەكەی بە هەزاران جار كەمتر دەبێت وەك لەوەی بەو جۆرە كێبلًە بگوازرێتەوە.
ئا: دڵشاد احمد
0 comments:
Post a Comment